بەبۆنەی پێكهاتنی سێهەمین پلینۆمی كومیتەی ناوەندییەوە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستان بە خۆشحاڵییەوە ڕادەگەیەنێ كە سێهەمین پلینۆمی كومیتەی ناوەندی لە رۆژانی5 تا 9 ی ڕێبەندان (24 تا 28 ی ژانویە) دا، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەسڵی و جێگری كومیتەی ناوەندی لە كوردستان­ و دەرەوەی وڵات و، بە بەشداریی كۆمەڵێك لە سیما ناسراوەكانی رێبەریی حیزب لە دەورەكانی پێشوودا پێك هات و، لە ماوەی 5 ڕۆژ باس و دیالۆگی زیندوو دا، كارو ئەركە دیاریكراوەكانی جێبەجێ كرد.

بەبۆنەی پێكهاتنی سێهەمین پلینۆمی كومیتەی ناوەندییەوە

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستان بە خۆشحاڵییەوە ڕادەگەیەنێ كە سێهەمین پلینۆمی كومیتەی ناوەندی لە رۆژانی5 تا 9 ی ڕێبەندان (24 تا 28 ی ژانویە) دا، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەسڵی و جێگری كومیتەی ناوەندی لە كوردستان­ و دەرەوەی وڵات و، بە بەشداریی كۆمەڵێك لە سیما ناسراوەكانی رێبەریی حیزب لە دەورەكانی پێشوودا پێك هات و، لە ماوەی 5 ڕۆژ باس و دیالۆگی زیندوو دا، كارو ئەركە دیاریكراوەكانی جێبەجێ كرد.
 پلینۆمی سێهەمی كومیتەی ناوەندی بە دەقیقەیەك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی كوردستان دەستی پێكرد. پاشان دەستووری كاری پلینۆم كە پێشتر ڕاگەیاندرابوو، كەوتە بەرباس و، دوای ئەوەی هێندێك خاڵی پێوە زیادكرا، پەسند كرا. دواتر هاوڕێی بەڕێز خالید عەزیزی وتەبێژی كومیتەی ناوەندی باسێكی سیاسیی پێشكەش كرد. باسەكە، لێكدانەوەیەك بوو لەبارەی هەلومەرجی سیاسیی ئێران و پێوەندیی كۆماری ئیسلامی و دنیای دەرەوە و، كاریگەریی گۆڕانە نێوخۆیی و دەرەكییەكان لەسەر داهاتووی ئەم ڕێژیمە. هەر وەها هەوڵەكانی ڕێژیم بۆ سەركوتی جموجۆڵی ئازادیخوازی و بزووتنەوەكانی نێو هەناوی كۆمەڵ و، ڕۆڵ و ئەركی حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لە پشتیوانی لەو بزووتنەوانە دا تیشكیان خرابووە سەر. پێشێلكرانی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتری مافی مرۆڤ و گرتن و ئێعدامی جیابیران و، سەركوتی هەموو تێكۆشانێكی سیاسی و مەدەنی لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە، لە باسی سیاسیی وتەبێژی كومیتەی ناوەندی دا، بایەخێكی تایبەتی پێدرابوو. هەر بۆیە كاری بەربڵاو و جیدی بۆ لەقاودانی ئەو كردەوە و رەفتارانە و، ئاگادار كردنی كۆڕو كۆمەڵە نێونەتەوەیی‌یەكان لەم تاوانانە و، ڕاكێشانی پشتیوانیی دەوڵەتان و بیروڕای گشتی دنیا بۆ لای خەباتی حەقخوازانە و ویست و داوا ڕەواكانی خەڵكی ئێران، وەك ئەركی حیزبی دێموكراتی كوردستان و بەستێنێك بۆ هاوكاری و كاری هاوبەشی حیزب و ڕێكخراوەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ئاماژەی پێكرا.
 لە باسی سیاسیی وتەبێژی كومیتەی ناوەندی دا ئەگەری گۆڕان لە سیاسه‌ت و هەڵوێستی ئەمریكا دوای هاتنە سەركاری باراك ئوباما، گرنگیی پێدرابوو. لەو بارەوە گوترابوو دیارە میتۆدی دێموكراتەكان لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئێران دا، جیاوازیی لەگەڵ میتۆدی كۆمارخوازەكاندا دەبێ. بەڵام مادام ڕێژیمی ئێران لەسەر سیاسەتەكان و پڕۆژەكانی بەردەوام بێ، گۆڕانێكی بنەرەتی لە ستراتیژیی ئەمریكادا پێش بینی ناكرێ. دیارە دیموكراتەكان هەوڵ دەدەن رێژیمی ئێران بكێشنە نێو كێشەی سیاسی و مافی مرۆڤ و، ئەگەر ئەو ڕێژیمە هەر درێژە بە لاساری بدا، دەستی سەرۆك كۆماری ئێستای ئەمریكا بۆ هەر جۆرە ڕووبەڕوو بوونەوەیەك لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، بە دەلیلی پشتیوانیی بەرینی خەڵكی وڵاتەكەی لەو، ئاوەڵاترە.
 وتەبێژی كومیتەی ناوەندی لە باسەكەی دا، هەڵبژاردنی داهاتووی سەركۆماری لە ئێرانی دا هێنایە گۆڕێ. لەم بارەیەوە بە درووستی ئاماژە بەم ڕاستی‌یە كرابوو كە "هەڵبژاردن"ی سەركۆماری لە ئێران، تا ئەو كاتەی مەیدانی ململانێی نێوان قۆڵەكانی دەسەڵاتە، مەسەلەی خەڵك نیە. بەڵام هەركات هەڵبژاردن ببێتە دەرەتانێك بۆ پێشڕەویی خەباتی خەڵك و پاشەكشەی دەسەڵاتداران، دەبێ خوێندنەوەی تازەی بۆ بكرێ. لەم بارەیەوە، پلینۆم بە دواداچوونی ڕووداوەكانی پێوەندیدار بەو هەڵبژاردنە و لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنی هەرچی وردتری ئەوان و هەڵوێست گرتنی بەجێ لەكاتی خۆی دای بە ئەركی ڕێبەریی حیزبی دێموكراتی كوردستان زانی.
لە درێژەی باس لەسەر پێوەندییەكانی ئێران و دنیای دەرەوەدا، هاوڕێ خالید عەزیزی ئاماژەی بەوە كرد كە بەداخەوە زۆر لە وڵاتان تەنیا لە دەلاقەی چەكی ئەتۆمی‌یەوە سەیری ئێران دەكەن و، ئەو گرنگی‌یەی پێویستە بە نەبوونی ئازادی و دیموكراسی و پێشێلكرانی مافی مرۆڤ و بێبەشیی نەتەوەكانی ئێران لە سەرەتاییترین مافەكانیان نادەن. هەر بۆیە ئێمە وەك حیزبی دێموكراتی كوردستان، دەبێ لە دیپلوماسیی خۆمان لەگەڵ دنیای دەرەوە دا كار بۆ ئەم مەبەستە بكەین.
وتەبێژی كومیتەی ناوەندی لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی كورد لە بەشە جۆراوجۆرەكانی كوردستان دا، گرنگترین ڕووداوەكانی هەر كام لە بەشەكانی هێنایە بەرباس. لەبارەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە، ئاماژەی بە سیاسەتی سڕینەوەی گرژی و هەوڵدان بۆ لێك نزیك بوونەوەی حیزب و ڕێكخراوەكانی ئەو بەشە كرد كە حیزبی ئێمە لەسەری ڕۆیشتووە و، لەسەری بەردەوام دەمێنێتەوە. سەبارەت بەو هەوڵانەش كە بۆ بەرتەسك كردنەوەی مافە سیاسی و نەتەوەیی‌یەكان و جێگە و پێگەی كورد لە عێراق دا دەدرێن، ئەم هەوڵانەی بە پێچەوانەی ئەو بنەما و بناغانە زانی كە عێراقی فیدراڵیان لەسەر دامەزراوە. لەم بارەیەوە پشتیوانیی نەتەوەیی لە هەڵوێست و هەوڵەكانی سەرۆكایەتیی كورد لەم بەشە و حكوومەتی هەرێم لەم پێوەندییەدا، بە پێویست زانی.
 گۆڕانێك كە لە سیاسەتی دەوڵەتی توركیە بەرامبەر بە كێشەی كورد بە تایبەتی لەبواری داننان بە زمان و فەرهەنگی كوردی دا بەدی دەكرێ، لەلایەن وتەبێژی كومیتەی ناوەندییەوە خرایە بەر سەرنجی پلینۆمی كومیتەی ناوەندی. بەشدارانی پلینۆم ئەم گۆڕانەیان سەرەڕای بچووكی و سنووردار بوونی و، لەگەڵ ئەوەش دا كە بەرهەمی خەباتی نەتەوەی كورد لەو وڵاتە و، فشاری یەكیەتیی ئورووپایە، بە شتێكی موسبەت ناوبرد كە دەبێ هەوڵ بدرێ هەنگاوی گەورەتری بەدوادا بێ.
دوای بەشداریی چالاكانەی بەشداران و بیروڕادەربرین لە سەر باسەكە و دەوڵەمەند كردنی، جارێكی دیكە ڕوانگە و هەڵوێستەكانی حیزب بەرامبەر بە پرسە باسكراوەكان ڕوون كرانەوە و، داوا كرا لە تێكۆشانی نەزەری و سیاسیی لەمەودوا دا، ڕەچاو بكرێن.
 یەكێكی دیكە لە بابەتەكانی دەستووری كاری پلینۆمی ئەمجارە، باس لەسەر كاروباری كومیتەی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات بوو. لەم بەشەی كاری پلینۆم دا، سەرەتا هاوڕێ مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی گشتیی كومیتەی حیزب لە دەرەوەی وڵات، ڕاپۆرتێكی پێشكەش كرد. لەم ڕاپۆرتەدا بوارە جۆراوجۆرەكانی كارو تێكۆشانی حیزب لە دەرەوەی وڵات ئاماژەیان پێكرا. دواتر هەر كام لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب لە دەروەی وڵات ڕوونكردنەوەو تێبینیی خۆیان بە مەبەستی دەوڵەمەند كردنی ڕاپۆرتەكە هێنایەگۆڕێ. بەشدارانی پلینۆم وێڕای قامكدانان لەسەر دەسكەوتەكان و خاڵە بەهێزەكانی تێكۆشانی كومیتەكان و ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات و ڕێزلێ گرتنیان، پێشنیارو ڕاو تێبینیی خۆیان هێنایە گۆڕێ و، رێنوێنیی پێویستیان خستەبەرچاوی دەفتەری سیاسی و كومیتەی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات. لە بڕگەیەكی دیكەی كاری پلینۆم دا، گەڵاڵەی سازماندانی حیزب لە كوردستان باسی لێكرا. دوای ئەوەی بەشداران ڕەخنە و سەرنج و تێبینی‌یەكانی خۆیان لەبارەی ئەم گەڵاڵەیەوە خستە ڕوو، هەیئەتی دیاریكراو ڕاسپێردرا تا بە سەرنجدان بە بۆچوون و نەزەری بەشداران و ئامانجەكانی تێكۆشانی ئەم قۆناغە، بە گەڵاڵەكە دا بچێتەوە و بۆ دوا بڕیار بیداتەوە بە كومیتەی ناوەندی.
 لە درێژەی كاری پلینۆم دا، هەیئەتێك كە كۆبوونەوەی پێشووی كومیتەی ناوەندی ڕای سپاردبوو، ڕاپۆرتێكی لەبارەی كارەكانی خۆی بە مەبەستی ڕێك و پێك كردنی كاروباری ڕۆژانە و بەهێزكردنی نەزم و دیسیپلینی نێوخۆیی، پێشكەش كرد. ئەم هەیئەتە بە سەرنجدان بە بڕیارو ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی پێشووی كومیتەی ناوەندی، كۆمەڵێك ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی لە بواری جۆراوجۆر دا گەڵاڵە كردبوو كە بەشدارانی پلینۆم پێشوازییان لێكرد و پەسندیان كرد.
 لە بەشێكی دیكەی كاری ئەم پلینۆمەدا، ئاییننامەی كۆمیسیۆنی چاوەدێریی پێڕەوی نێوخۆ كە بۆ پەسند كران درابوو بە كومیتەی ناوەندی، كەوتە بەرباس. پاش ئەوەی بەشداران بیروڕای خۆیان لەبارەی بەندەكانیەوە هێنایە گۆڕێ و سەرنج و تێبینی‌یەكان گونجێندران، ئاییننامەكە پەسند كرا.
 بەڵگەنامەیەكی دیكە كە بۆ پەسندكران درابوو بە كومیتەی ناوەندی، گەڵاڵەی پێشنیاریی ئاییننامەی ناوەندی پلاندانان بوو. پلینۆم، بۆ ئەوەی گەڵاڵەكە بەشێوەیەكی كارناسانە و وردتر بكەوێتە بەرباس، ئەو سەلاحیەت و دەسەڵاتەی بە دەفتەری سیاسی دا، دوای باس و ڕاوێژی پێویست بڕیار لەسەر ئەم گەڵاڵەیە بدا و پەسندی بكا.
هەروەك لە كۆبوونەوەی پێشووی كومیتەی ناوەندیدا گرنگییەكی تایبەت درا بە چالاكتربوونەوەی تێكۆشانی حیزب لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا، پلینۆمی ئەمجارەش گەڵاڵەیەكی هێنایە بەرباس كە لەسەر بڕیاری پێشوو، هەیئەتێك لە ئەندامانی رێبەری بۆ ئەم مەبەستە ئامادەیان كردبوو. بەشدارانی پلینۆم چالاكانە لە هەڵسەنگاندنی ئەم گەڵاڵەیە و دەوڵەمەند كردنی‌دا بەشدار بوون و، بەرچاوروونیی پێویستیان لەو پێوەندییەدا دایە دەفتەری سیاسی و كومیسیۆنە پێوەندیدارەكان.  
 پلینۆمی سێهەم، یەكێك لە كۆبوونەوەكانی خۆی بۆ باس لە خەباتی مەدەنی و جەماوەری لە كوردستان و چۆنیەتی پشتیوانیی حیزب لەم شێوە خەباتانە تەرخان كرد. لەم بارەیەوە، ئەندامانی ڕێبەریی حیزب وێڕای ڕێزگرتن لە بەشداران و بەرەوپێشبەرانی ئەو شێوە خەباتە لە كوردستان و، قامكدانان لەسەر پێویستی و گرفت و كۆسپەكانی سەر ڕێگای ئەم شێوە خەباتە، زۆر تەوەرو لایەنی دیكەی خەباتی مەدەنی و جەماوەرییان هێنایەگۆڕێ. لەبەر ڕووناكایی ئەم باسەدا، پلینۆم، دەفتەری سیاسیی ڕاسپارد بە هاوكاریی كەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون لەم بوارەدا، پڕۆژە و بەرنامەی پێویست بۆ پەرەپێدان و پشتگیریی ئەم شێوە خەباتانە لە كوردستان ئامادە بكا.
پلینۆمی كومیتەی ناوەندی دوایین كۆبوونەوەی خۆی بۆ باس لەسەر كاری راگەیاندنی حیزب لە كوردستان و لە دەرەوەی وڵات تەرخان كرد. لەم پێوەندییەدا، واقیع بینانە كەم و كورتییەكان و خاڵە بەهێز و لاوازەكان خرانە بەرباس و، رێنوێنی و راسپاردەی پێویست بە كۆمیسیۆنی راگەیاندن درا تا لە كار و تێكۆشانی لەمەودوای خۆیدا، رەچاویان بكا.
لە دوا بڕگەی كاری پلینۆمدا هاوڕێ خالید عەزیزی وتەبێژی كومیتەی ناوەندی، كۆبەندێك لە باس و بریارەكانی ئەم پلینۆمەی خستەروو. بەڕێز عەزیزی داوای لە ئەندامانی رێبەری و سەرجەم تێكۆشەران و ئەندامانی حیزب لە كوردستان و دەرەوەی وڵات كرد، هەروا كە لە ساڵی 2008 دا چالاكیی زۆریان
خستنە سەر كارنامەی تێكۆشانی حیزبەكەیان، ساڵی 2009ش بكەن بە ساڵی چالاكی و تێكۆشانی زیاتر.
 
 حیزبی دیموكراتی كوردستان
دەفتەری سیاسی
10/11/1387
29/1/2009

..... | 2009/1/31 | چینی: ڕاگەیاندراوەکان


:: په‌ڕه‌کان ::‌

وڵاتی ڕۆژ
.