رۆژی چوارشەممەی داهاتوو 2ی رێبەندان، ساڵڕۆژی رووداوێكی گرینگ و مێژووییە كە لە باری گرینگی و نرخ و بایەخەوە لە مێژووی نەتەوەی كورددا بەرزترین جێگەی گرتووە. لەم رۆژەدا لە ساڵی 1324ی هەتاوی (1946ی زایینی) یەكەم حكوومەتی كوردی بە شێوەی كۆماری لە لایەن پێشەوا قازی محەممەدی نەمرەوە لە شاری مەهاباد دامەزرا.

رۆژی چوارشەممەی داهاتوو 2ی رێبەندان، ساڵڕۆژی رووداوێكی گرینگ و مێژووییە كەلە باری گرینگی و نرخ و بایەخەوە لە مێژووی نەتەوەی كورددا بەرزترین جێگەی گرتووە. لەم رۆژەدا لە ساڵی 1324ی هەتاوی (1946ی زایینی) یەكەم حكوومەتی كوردی بە شێوەی كۆماری لە لایەن پێشەوا قازی محەممەدی نەمرەوە لە شاری مەهاباد دامەزرا. لە رۆژگاری تاریك و تنووكی دواكەوتوویی و دیكتاتۆری ئەو سەردەمەدا كۆماری دێموكراتیكی كورد و دەسكەوتە بەنرخەكانی لە ناوچەدا دڕی بە شەوەزەنگی كۆنەپەرستی و سەرەرۆیی داو گەلێك دەسكەوتی زێڕینی بۆ كورد بە دیاری هێنا كە هەتا هەتایە نەتەوەی كورد دەبێ لێیان فێر بێ دەرسیان لێ وەرگرێ و شانازییان پێوە بكا.


كۆماری كوردستان هەر چەند بەداخەوە تەمەنی كورت بوو و لە رووی خوغرافیاییەوە بەشێك لە خاكی رۆژهەڵاتی گرتبۆوە بەڵام خەسڵەت و نێوەرۆكە پێشكەوتوو و دێموكراتیكەكانی ئیعتیبار و پرستیژی ئەم حكوومەتە ناوچەیی و كەم تەمەنەی لە بەرچاوی خەڵكی بەئینساف و بێ­لایەنی ناوچە و تەنانەت جیهان دا بردۆتە سەر. ئەمە لە بەرهەمی نووسەرانی بێگانەش دا رەنگی داوەتەوە و بە دەیان نووسەر و رۆژنامەنووسی بێگانە لە دوور و نزیك شاهیدی بۆ ئەم راستییە دەدەن و تەنانەت لە هێندێك لەو بەرهەمانەدا سەرسووڕمان لەو دەسكەوتە مەزنانە و لەو ئەمنییەت و ئازادییەی لە كۆماری كوردستان دا هەبوو، دەربڕاوە.
كۆماری كوردستان بە هەق شایانی ئەو سەرنج و گرنگی پێدانەیە. سەبارەت بەوەی ئەو حكوومەتە هەڵقوڵاوی ویست و ئیرادەی نەتەوەیەكی مافخواز و چەوساوە بوو، سەركۆمارەكەی كەسایەتییەكی هەرە خۆشەویستی كورد بوو و خەڵكی كوردستان بە دڵەوە خزمەتیان دەكرد و خۆشیان دەویست، بە تین و تەوژمێكی كەم وێنەوە گەشەی دەكرد و لەو ماوە كورتەدا ئەوەندەی دەسكەوتی گەورەی وەدەست هێنان كە زۆر نەتەوە لە ماوەیەكی دوورودرێژدا وەدەستیان نەهێناوە.
لەو دەرفەتە كەمەدا قوتابخانەی كوردی دامەزران و منداڵانی چاوگەشی كورد بە زمانی زگماكی دەیان خوێند كە تا ئەوكات لێیان قەدەغە كرابوو. چاپخانە هێنرایە كوردستان و چەندین گۆڤارو رۆژنامە بە زمانی كوردی چاپ و بڵاوبوونەوەو شۆڕشێكی فەرهەنگی لەو ناوچەیەی كوردستان دا وەڕێ كەوتبوو كە وەك نووسەرێكی بێگانە باسی دەكا "رێنساسێك" لەو ماوەیەدا رووی دا. لەو سەردەمەدا دوو رێكخراوی سینفی و مەدەنی واتە یەكیەتیی ژنان و یەكیەتیی لاوان دامەزران تا بتوانن ژنان و لاوان بێننە نێو كاروباری سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە. سوپای میللی دامەزراو بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵك لە چاو ئەوكات و لە چاو خەڵكی دەوروبەر بەرەو باشی چوو بازرگانی رمێنی پەیدا كردو زۆر دەسكەوتی دیكە، كە بەهەق لەو ماوە كورتەدا جێی سەرسوڕمانە.
جگە لەمانە ئەمنییەت و ئازادییەك كە لەو سەردەمدا هەبوو، نە لە مێژووی ئێران و ناوچەدا دیترابوو و نە تەنانەت ئێستاشی لەگەڵ بێ لە ئێراندا دیتراوە. بۆ سەلماندنی ئەم راستییە تەنیا ئەوەندە بەسە كە دوو نموونە باس بكەین: لە ماوەی تەمەنی 11 مانگەی كۆماردا تاقە یەك كەس كوژراو تاقە یەك كەس بە هۆی تاوانی قەتڵەوە زیندانی كرا. زیندانیی سیاسی هەر نەبوو، دزی، رێگری و جەردەییش نەمابوو.
لە كۆماری كوردستاندا دەرگا بۆ ئازادیخوازانی پارچەكانی دیكەی كوردستان ئاوەڵا بوو و ئەوانەی روویان كردە رۆژهەڵاتی كوردستان نەك وەك پەنابەر، بەڵكوو وەك خانەخوێ سەیریان كراو تەنانەت لە كاروباری حكوومەتدا بەشدار كران و هەم كۆمار خزمەتی بەوان كردو هەم ئەوان خزمەتیان بە كۆمار كرد. نموونەی هەرە بەرچاویان بارزانییەكان بە سەرۆكایەتیی نەمر مەلا مستەفای بارزانی بوو. كۆماری كوردستان ببوو بە مەكۆی ئازادیخوازانی هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان.
كۆماری كوردستان و دەسكەوت و شانازییەكانی بە رادەیەك پڕ بایەخ و گرنگ بوون كە شوێنیان لە سەر رووداوەكانی دوای خۆیان هەبووەو ئێستاش هەیانە. ئەزموونی سەركەوتووی حكوومەتی كوردی ئیلهامدەری خەبات و شۆڕشی نەتەوەی كورد لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەبووەو ئێستاش خەباتگێڕانی كورد بۆ ئەو ئامانجانە خەبات دەكەن كە كۆماری كوردستان هەوڵی بۆ دەدان.
رۆژی چوارشەممەی داهاتوو ساڵرۆژی لەدایكبوونی ئەو قۆناغە پڕ لە شانازییەی كوردە كە هەموو ساڵێ رۆڵە بەوەفاو بە ئەمەگەكانی كورد لە سەرانسەری كوردستان و لە دەرەوەی وڵات بە پێی دەرفەت و ئیمكان بە پێكهێنانی باس و سمینارو جێژن و شایی بەرەو پیلی دەچن و رێزی لێ دەگرن، خاڵە بەهێزو لاوازەكانی هەڵ دەسەنگێنن، بۆ ئەوەی لە خەبات و تێكۆشانی داهاتوویان دا بەكاریان بێنن. بە خۆشییەوە لەم ساڵانەی دواییدا یاد و بیرەوەریی كۆماری كوردستان بۆتە جێژنی هاوبەش و نەتەوەیی زۆربەی هەرە زۆری هێزو لایەنەكانی كورد لە سەرانسەری كوردستان. لەو رۆژەدا خەڵكی نیشتمانپەروەری ئازادیخوازی رۆژهەڵاتی كوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر بە بڵاوكردنەوەی دروشم و وێنەی پێشەوا قازی محەممەدی نەمر و رێبەرانی شەهیدی حیزبی پێشەوا قازی واتە حیزبی دێموكراتی كوردستان قاسملوو و شەرەفكەندی، بە سەردانی گڵكۆی شەهیدان، سەردانی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بە پێی ئیمكان پێشكێش كردنی دیاری و شیرینی بە یەكتر، یادی ئەو رۆژە پیرۆزە زیندوو دەكەنەوە و بە پێشوازی ئەو رۆژە مێژووییەوە دەچن.

..... | 2009/1/21 | چینی: ڕاگەیاندراوەکان


:: په‌ڕه‌کان ::‌

وڵاتی ڕۆژ
.