Wlati Roj میوانی‌به‌رێز‌به‌خێر‌بێی‌بۆ وێبلاگی‌ وڵاتی‌رۆژ


ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر کاوه‌ ئه‌مین وتووێژێکی له‌گه‌ڵ "موهه‌ندیس حاجی ئه‌حمه‌دی" سه‌رۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک پێکهێناو له‌ رۆژنامه‌ی "رووداو"دا بڵاو کرایه‌وه‌، به‌هۆی گرینگیی ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌ دیمانه‌که‌یان له‌ خۆوه‌ گرتووه‌و هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ پێوه‌ندیداره‌کانی شۆرشی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و شه‌ڕی کۆمه‌ڵه‌و حیزبی دێمۆکرات له‌ ده‌یه‌ی شه‌ستی هه‌تاوی دا، ماڵپه‌ری رۆژرێژ بۆ خستنه‌رووی بۆچوونه‌کانی به‌رێز حاجی ئه‌حمه‌دی له‌مباره‌وه‌، به‌شێک له‌و دیمانه‌یه‌ بڵاو ده‌کاته‌وه‌.

حاجی ئه‌حمه‌دی: ئه‌وه‌ هه‌یئه‌تێكی ئێران ده‌هات بۆ كوردستان نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. جا من لێره‌ دا به‌ ویژدانه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م. كاتێك دوكتور قاسملوو له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ گه‌ڕایه‌وه‌، زۆر ناڕه‌حه‌ت بوو. وتی سه‌لاحی موهته‌دی ئه‌وه‌ی به‌سه‌رماندا سه‌پاندووه‌، واته‌ ده‌ركردنی كوردی باشوور له‌ ئێران.


     كاوه‌ ئه‌مین: له‌ماوه‌ی ئه‌م 44 ساڵه‌دا، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ وه‌ك سه‌رۆكی په‌ژاك، سه‌ردانی كوردستانت كردووه‌، پێشتریش چوویته‌ته‌وه‌ بۆ كوردستان، بۆ نموونه‌ دوای رووخانی شا؟
     حاجی ئه‌حمه‌دی: ئه‌ی چۆن، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دوكتور قاسملوو پێكه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ كوردستان. پێش رووخانی رژێمی شا، له‌گه‌ڵ دوكتور قاسملوو و چه‌ند كه‌سی دیكه‌ حیزبی دیمۆكراتمان زیندوو كرده‌وه‌، كومیته‌ی ئه‌ورووپای حیزب ئێمه‌ داماننایه‌وه‌.
     ساڵی 1979 كۆبووینه‌وه‌، چوار كه‌س بووین، دوكتور قاسملوو، ئه‌میری قازی، سه‌لیمی بابانزاده‌ و من كه‌ بڕیارماندا، ئه‌وان وتیان له‌ به‌غداوه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌، من وتم له‌ توركیاوه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌، ئه‌وان پێیانوابوو كه‌ ئه‌و رێگه‌یه‌ مه‌ترسیداره‌ به‌ڵام من وتم شا عافواتی داوه‌، ئه‌گه‌ر بشم گرن دوایی هه‌ر ئازادم ده‌كه‌ن، ئه‌وان له‌ به‌غداوه‌ منیش له‌ توركیاوه‌ گه‌ڕامه‌وه‌.
     كاوه‌ ئه‌مین: تۆ به‌ ره‌سمی چوویه‌وه‌ ئێران؟
     حاجی ئه‌حمه‌دی: ره‌سمی نه‌بوو، ئه‌وكاته‌ شا له‌ق ببوو و ئه‌و كۆنتڕۆڵه‌ی جاران نه‌مابوو، پاشان له‌گه‌ڵ دوكتور قاسملوو یه‌كترمان بینییه‌وه‌ و سێ ساڵ له‌ كوردستان مامه‌وه‌.
     كاوه‌ ئه‌مین: له‌و كاته‌ی كه‌ تۆ له‌وێ بووی شه‌ڕی نێوان كۆمه‌ڵه‌ و دێموكرات ده‌ستی پێكردبوو، ئێستا كه‌ تۆ له‌گه‌ڵ دێموكرات نه‌ماویت، وه‌كوو كه‌سێكی بێ لایه‌ن چاو له‌و شه‌ڕه‌ بكه‌یت و بۆ مێژووی بگێریته‌وه‌، خه‌تاكه‌ی ده‌خه‌یه‌ ئه‌ستۆی كێ؟ ئه‌و شه‌ڕه‌ بۆ هه‌ڵگیرسا؟
     حاجی ئه‌حمه‌دی: ئه‌و شه‌ڕه‌ جادده‌یه‌كی یه‌ك ته‌ڕه‌فه‌ نییه‌، به‌ڵكوو دوو ته‌ڕه‌فه‌یه‌. خه‌تای هه‌ردووك لای تێدا بوو. دیاره‌ ئه‌مه‌ شتێكی دوور و درێژه‌ ئه‌گه‌ر ویستت رۆژێك به‌ دوور و درێژی بۆت باس ده‌كه‌م.
     خۆی راستییه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ ده‌ستكردی مام جه‌لاله‌. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌توانم باسی ئه‌وه‌ش بكه‌م، ئه‌و كاته‌ی سه‌لاحی موهته‌دی هات بۆ ئه‌ورووپا و هه‌وڵیاندا و سه‌ری نه‌گرت (سه‌ره‌تای حه‌فتاكان). به‌ڵام له‌سه‌رده‌می هه‌ڵاتنی شا و هاتنه‌وه‌ی خومه‌ینیدا، مام جه‌لال ده‌ورێكی زۆری هه‌بوو له‌ درووستكردنی كۆمه‌ڵه‌ و ئه‌وه‌یشی له‌ رێگای موهته‌دییه‌كانه‌وه‌ كرد. به‌ڵام ئه‌وان خۆیان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ له‌ ده‌ ساڵ پێشتره‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌یان درووستكردووه‌، به‌ڵام موتله‌قه‌ن وا نه‌بوو. كۆمه‌ڵه‌ له‌كاتی رۆیشتنی شا و هاتنه‌وه‌ی خومه‌ینی دا درووست بووه‌.
     كاوه‌ ئه‌مین: باشه‌ ئه‌وا بۆچی خۆیان وا ناڵێن؟
     حاجی ئه‌حمه‌دی: ئاخر عیلله‌تێكی ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌وان نه‌یانده‌زانی رێكخراوه‌كه‌یان ناو بنێن چی، چه‌ند جار ناویان گۆڕی تا كردیانه‌ كۆمه‌ڵه‌. ئه‌وكاتیش له‌ شه‌ڕه‌كانیشدا یه‌كێتی پشتیوانی لێ ده‌كردن.
     كاوه‌ ئه‌مین: باشه‌ بنه‌ماڵه‌ی موهته‌دی، كه‌ ئه‌وان خۆیان عه‌شیره‌تن، چۆن بوو ئه‌وان ده‌ستیان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا گرت، له‌ كاتێكدا كۆمه‌ڵه‌ باسی شۆڕشێكی سوسیالیستی و كۆمۆنیستی ده‌كرد و دژی ده‌ره‌به‌گ و عه‌شیره‌كان بوون؟
     حاجی ئه‌حمه‌دی: پرسیارێكی زۆر جوانه‌، ئه‌وان نه‌ك هه‌ر عه‌شیره‌تن به‌لكوو گه‌وره‌ترین عه‌شیره‌تی موكریانیشن. خۆی له‌ راستی دا بنچینه‌ی فكره‌كه‌، فكره‌ی رێكخراوی(سازمانی) ئه‌منییه‌تی ئێران بوو(ساواك). ده‌یانهه‌ویست، حیزبی دیمۆكرات له‌ ره‌گه‌وه‌ وشك بكه‌ن، ئه‌مه‌ش چۆن؟ ده‌یانهه‌ویست چینی گه‌نج و خوێنده‌واری لێ جیا بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌شیان لا روون بوو كه‌ ته‌به‌قه‌ی لاوان زیاتر مه‌یلیان بۆ ماركسییه‌ت و چه‌پ و شتی ئاوا ده‌بزوێت. ئه‌وان به‌و شیعاراتانه‌ كۆمه‌ڵه‌یان درووست كرد تا بتوانن گه‌نجان و خوێنده‌واران له‌ دێموكرات داببڕێنن، دیاره‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی كه‌مدا، تا راده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا. دیاره‌ ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی دوور و درێژه‌، كه‌ سه‌لاح موهته‌دی چۆن هات بۆ ئه‌ورووپا و شتی دیكه‌.
      كاوه‌ ئه‌مین: واته‌ پێتان وایه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان، ئێران ده‌ستی له‌ درووستكردنی كۆمه‌ڵه‌دا هه‌بووبێت؟
     حاجی ئه‌حمه‌دی: سه‌ت له‌ سه‌ت دیاره‌ زه‌مانی شا نه‌ك جمهووری ئیسلامی ـ چوونكه‌ سه‌لاحی موهته‌دی له‌ سه‌رده‌می شادا هات بۆ ئه‌ورووپا و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی خوێندكاران و فڵان و فیساردا گرێ دا ـ دیاره‌ خۆ ئه‌مه‌ شتێكی نهێنی نییه‌، ئه‌وان هه‌مووی مه‌دره‌كن و له‌ سازمانی ئه‌منییه‌تی سه‌رده‌می شادا (ساواك) گیران و بڵاو كرانه‌وه‌. باسی سه‌لاحی موهته‌دی تێدایه‌، به‌خه‌تی خۆی نووسیویه‌تی ناتوانێت نكۆڵی لێبكا.
     ئێران ناردبووی رێكخراوێك درووست بكات، كه‌ چه‌پ بێت و توند بێت، تا لاوان له‌ ده‌وری دێموكرات كۆ نه‌بنه‌وه‌. دیاره‌ ئه‌و كاته‌ ئه‌وان سه‌رنه‌كه‌وتن، به‌ڵام كه‌ شا هه‌ڵات، ئه‌وه‌یان زیندوو كرده‌وه‌، زانیان كه‌ بۆشاییه‌ك هه‌یه‌، جێگا هه‌یه‌، ده‌ستیان به‌ دروشمدان كرد، شیعاری ماركسیست لینینی، كه‌ ئه‌وكاته‌ باوی بوو، هه‌ڵایه‌ك بوو و فڕكان فڕكانێك بوو، خه‌ڵك به‌ دوای كتێبه‌كانی ماكسیم گوركی و ماركس و كێ و كێدا ده‌گه‌ڕان و ده‌یانخوێنده‌وه‌. له‌وێدا ئه‌وان تا راده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتن  كه‌ به‌شێك له‌ خوێنده‌واره‌ و رووناكبیرانیان به‌لای خۆیاندا راكێشا، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ جه‌لال تاڵه‌ بانیشیان له‌ پشت بوو.
     كاوه‌ ئه‌مین: ئه‌وكاته‌ی كه‌ خه‌ریكبوو گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئێران بكرێت و وه‌فدێكی كورد ده‌چوون بۆ تاران، وه‌ك دیكۆمێنت و وه‌كی دیش باسی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ سه‌لاحی موهته‌دی پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌بێت خاڵێك بخرێته‌ سه‌ر داواكانی كوردی رۆژهه‌ڵات له‌ ئێران، ئه‌ویش ده‌ركردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كورده‌ ئاواره‌كانی باشووری كوردستان له‌ ئێران و به‌ تایبه‌تی بارزانییه‌كان و قیاده‌ی موه‌قه‌ته‌، ئه‌وه‌ راسته‌؟
     حاجی ئه‌حمه‌دی: ئه‌وه‌ هه‌یئه‌تێكی ئێران ده‌هات بۆ كوردستان نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. جا من لێره‌ دا به‌ ویژدانه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م. كاتێك دوكتور قاسملوو له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ گه‌ڕایه‌وه‌، زۆر ناڕه‌حه‌ت بوو. وتی سه‌لاحی موهته‌دی ئه‌وه‌ی به‌سه‌رماندا سه‌پاندووه‌، واته‌ ده‌ركردنی كوردی باشوور له‌ ئێران.
     كاوه‌ ئه‌مین: كه‌س نه‌بوو دژی ئه‌و بڕیاره‌ بوه‌ستێته‌وه‌؟
     حاجی ئه‌حمه‌دی: ئه‌وانه‌ی له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بوون، ده‌ڵێن هه‌یئه‌تی بۆكان ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یان مه‌تره‌ح كرد، دیاره‌ هه‌یئه‌ته‌كه‌ كێیه‌؟ سه‌لاحی موهته‌دییه‌. ره‌حیمی خه‌ررازی كه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی ئه‌وان ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یان ساز كرد، له‌ گفتوگۆیه‌كه‌دا ده‌ڵێت خاڵی هه‌شت سه‌لاح موهته‌دی هێنای، ئاخر له‌ ماڵی ئه‌واندا ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ كرابوو تا داخوازییه‌كانی كورد بۆ ئێران ریزبه‌ند بكه‌ن، به‌ڵام ئێستا سه‌لاح به‌سه‌ر ئه‌وانی داده‌هێنێت كه‌ نه‌ماون، وه‌كوو: دوكتور قاسملوو، فوئادی سوڵتانی و ئه‌وان، مردووش به‌ شایه‌ت ناگیرێت! شه‌ڕی كۆمه‌ڵه‌ و دیمۆكرات شه‌ڕێكی ناحه‌ق بوو، من بۆخۆشم خۆم به‌ كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانم چوونكه‌ منیش له‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ بووم، دێموكرات خۆی به‌ حاكمی ره‌ها ده‌زانێ، ئێستاش هه‌ر پێیان وایه‌ كه‌ ته‌نها ئه‌وان به‌ڕێوه‌به‌ری خه‌باتی رزگاری خوازیی رۆژهه‌ڵاتن، كۆمه‌ڵه‌ش ده‌یگوت نه‌خێر ئێمه‌ش هه‌ین.
     كاوه‌ ئه‌مین: واته‌ كێشه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بوو.
     حاجی ئه‌حمه‌دی: به‌ڵێ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بوو، له‌سه‌ر ناوچه‌ بوو، به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌ ئاژاوه‌گێڕ بوون. بۆ نموونه‌ كاتێك هێزێكی ئێمه‌ له‌ سه‌رووی كوردستان چالاكیی كردبایه‌ و له‌ شه‌ڕی جه‌بهه‌ییدا بوونایه‌، ئێمه‌ زۆربه‌ی هێزه‌كانمان ده‌گواسته‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی شه‌ڕه‌كه‌، ئه‌وان فرسه‌تیان ده‌هێنا و له‌ باشووره‌وه‌ په‌لاماریان ده‌داین، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌یانویست هێزی خۆیان نیشانبده‌ن، دیاره‌ ئه‌وانیش هێندێك لایه‌نگریان هه‌بوو.
     كاوه‌ ئه‌مین: تۆ بۆ خۆت كه‌ی گه‌یشتییه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ حیزبی دێموكرات به‌جێ بێڵیت؟
     حاجی ئه‌حمه‌دی: وازهێنانی من له‌ دێموكرات ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ من ناكۆكیم له‌گه‌ڵَ حیزب هه‌بێت، به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئیدۆلۆگی حیزبیش ناكۆك نه‌بووم، ناكۆكی من له‌گه‌ڵ دوكتور قاسملوو بوو. ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر سیسته‌م بوو. من به‌ دوكتورم ده‌گوت كه‌ ئێمه‌ ئاوا سه‌رناكه‌وین، ئێمه‌ سیسته‌ممان نییه‌، ئێمه‌ عه‌شایه‌ریانه‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ین، گاڕانی، كابرا دێت نه‌دیو و نه‌ناسیاو تفه‌نگێكی ده‌ده‌نێ و ده‌ڵێن برۆ شه‌ر بكه‌.
     من ده‌مزانی سه‌رناكه‌وین و نه‌شمده‌ویست له‌و شكه‌سته‌دا به‌شداربم. هه‌ڵبه‌ت من بۆ خۆم هاوڕێی قاسملوو بووم، به‌ڵام قاسملوو مشاوره‌تی زۆر به‌ خه‌ڵك نه‌ده‌كرد.