Wlati Roj میوانی‌به‌رێز‌به‌خێر‌بێی‌بۆ وێبلاگی‌ وڵاتی‌رۆژ


خالید عه‌زیزی‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك دا بۆ كادر‌و پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزب، ئاكامی‌ سه‌فه‌ره‌كه‌ی‌ خۆی‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتی‌ تاووتوێ‌ كرد‌و گه‌شبینی‌ خۆی‌ بۆ به‌ره‌و پێش چوونی‌ دیپلۆماسی‌ حیزب له‌ ئورووپا‌و ئه‌مریكا ده‌ربڕی‌.

کوردستان‌وکورد: كاتژمێر 10ی‌ سه‌ر له‌ به‌یانی‌ ئه‌وڕۆ یه‌كشه‌مه‌ خالید عه‌زیزی‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك دا بۆ كادر‌و پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان ئاكامی‌ سه‌فه‌ره‌كه‌ی‌ خۆی‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتی‌ تاووتوێ‌ كرد. عه‌زیزی‌ باسه‌كه‌ی‌ خۆی‌ به‌سه‌ر سێ‌ ته‌وه‌ری‌ وه‌زعیه‌تی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان له‌ پاش كۆنگره‌ی‌ 14 له‌ نێو كوردانی‌ دانیشتووی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات، دیپلۆماسی‌ حیزب له‌ گه‌ڵ حیزب‌و كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه‌ ئێرانییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات‌و دیپلۆماسی‌ حیزب له‌ پێوه‌ندی‌ له‌ گه‌ڵ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌دا دابه‌ش كرد.
وته‌بێژی‌ كومیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ حدك له‌ ته‌وه‌ری‌ یه‌كه‌می‌ باسه‌كه‌ی‌ خۆیدا رایگه‌یاند كه‌ بڕیار‌و په‌سندكراوه‌كانی‌ كۆنگره‌ی‌ 14 له‌ نێو كوردانی‌ دانیشتووی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات دا پێشوازییه‌كی‌ باشی‌ لێ‌ كراوه‌. ئه‌و له‌مباره‌یه‌وه‌ وتی‌: حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان له‌ نێو كوردانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات به‌ حیزبێك ناسراوه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ جیددی‌‌و چالاكانه‌ كار بۆ لێك نزیكبوونه‌وه‌‌و كۆده‌نگی‌ له‌ نێو ئۆپۆزیسیۆنی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان ده‌كا، هه‌ر بۆیه‌ش چاوه‌ڕوانییه‌كان له‌ حیزب زیادی‌ كردوه‌‌و ئێمه‌ ده‌بێ‌ به‌ كار كردنی‌ زیاتر‌و به‌رده‌وام تر هه‌وڵ بده‌ین له‌ ئاستی‌ ئه‌م چاوه‌ڕوانیانه‌دا بین. هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌دا عه‌زیزی‌ رایگه‌یاند كه‌ زۆر كه‌سایه‌تی‌‌و لایه‌ن هه‌بووه‌ كه‌ پێشتر به‌ هۆكاری‌ جۆراوجۆر پێوه‌ندییان به‌ حیزبه‌وه‌ نه‌ما بوو، یان هه‌ر هیچ كات پێوه‌ندییان به‌ حیزبه‌وه‌ نه‌بوو، له‌ دوو مانگی‌ پاش كۆنگره‌دا به‌ بڕیاره‌كانی‌ كۆنگره‌ گه‌شبین بوون‌و پێوه‌ندییان به‌ حیزبه‌وه‌ گرتووه‌.عه‌زیزی‌ له‌ ته‌وه‌ری‌ دووه‌می‌ باسه‌كه‌یدا وتی‌: ئه‌گه‌ر چی‌ لێژنه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات له‌ دوای‌ كۆنگره‌وه‌ هێشتا خۆیان رێك نه‌خستۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئاستی‌ كۆمیته‌كان دا هه‌وڵی‌ زۆر باش دراوه‌ بۆ لێك تێگه‌یشتن‌و لێك نزیكبوونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی‌ سه‌ر به‌ گه‌لانی‌ دیكه‌‌و حیزبه‌ سه‌راسه‌رییه‌كان‌و له‌ زۆر رووه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتی‌ باشمان هه‌بووه‌.
عه‌زیزی‌ هه‌ر له‌م ته‌وه‌ره‌ی‌ باسه‌كه‌ی‌ خۆیدا راێگه‌یاند كه‌ بڕیاره‌ له‌ رۆژانی‌ داهاتوودا به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات كۆبوونه‌وه‌كانی‌ خۆیان بۆ سه‌ر له‌ نوێ‌ رێكخستنه‌وه‌‌و دابه‌شینی‌ ئه‌رك‌و لێپرسراوێتیه‌كان ده‌ست پێ‌ بكه‌ن‌و به‌م جۆره‌ش لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ نوێ‌ له‌ كار‌و چالاكی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات ده‌ست پێ‌ ده‌كات.
وته‌بێژی‌ كومیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ له‌ دوایین ته‌وه‌ری‌ باسه‌كه‌ی‌ خۆیدا له‌ پێوه‌ندی‌ له‌ گه‌ڵ دیپلوماسی‌ حیزب له‌ گه‌ڵ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌دا گه‌شبینی‌ خۆی‌ بۆ پێشوه‌چوونی‌ هه‌ر چی‌ زیاتر له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ربڕی‌‌و وتی‌: له‌م سه‌فه‌ره‌دا هاوڕێ‌ له‌ به‌رپرسانی‌ حیزبی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات سه‌ردانی‌ زۆر كه‌سایه‌تی‌‌و دام‌و ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌مان كردو له‌ بارودۆخی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان ئاگادارمان كردنه‌وه‌‌و ئه‌وانیش پێشوازییه‌كی‌ باشیان لێ‌ ده‌كردین.
عه‌زیزی‌ به‌ ئاماژه‌ كردن به‌ هێندێ‌ له‌ كه‌ند‌و كۆسپه‌كانی‌ سه‌ر رێگای‌ دیپلۆماسی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات وتی‌: ده‌توانین بڵێین یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین كۆسپه‌كان پرش‌و بڵاوی‌ هێزه‌كانی‌ ئۆپۆزیسیۆنی‌ كورده‌‌و زۆر جار لێمان ده‌پرسن كه‌ بۆچی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان ئاوا پرش‌و بڵاون‌و داوای‌ كۆده‌نگیمان لێ‌ ده‌كرێ‌.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه‌ماڵ كه‌ریمی‌ ئه‌ندامی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان باسێكی‌ كورتی‌ سه‌باره‌ت به‌ چۆنییه‌تی‌ به‌ره‌‌و پێشچوونی‌ كاره‌كان له‌ دوای‌ كۆنگره‌وه‌ له‌ كوردستان پێشكه‌ش كرا‌و داوای‌ له‌ تێكڕای‌ ئه‌ندامانی‌ حیزب كرد كه‌ له‌ پێناو به‌ره‌و پێشچوونی‌ هه‌ر چی‌ باشتری‌ كاره‌كان ده‌بێ‌ رۆڵی‌ راوێژكارانه‌یان بۆ رێبه‌ری‌ تازه‌ هه‌بێ‌‌و له‌و رووه‌‌و هاوكاری‌ ته‌واوی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌ بكه‌ن.
شایانی‌ باسه‌ له‌ به‌شی‌ كۆتایی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شداران راوچۆچوون‌و پرسیاره‌كانی‌ خۆیان پێشكه‌ش كرد‌و له‌ لایه‌ن هه‌ر دوو به‌رێزان خالید عه‌زیزی‌‌و كه‌ماڵ كه‌ریمی‌ وه‌ڵامیان درایه‌وه‌‌و كۆبوونه‌وه‌كه‌ پاش زیاتر له‌ 2 كاتژمێر كۆتایی‌ هات.