Wlati Roj میوانی‌به‌رێز‌به‌خێر‌بێی‌بۆ وێبلاگی‌ وڵاتی‌رۆژ


هاونیشتمانانی‌ به‌ڕێز!
خه‌ڵكی‌ ئازادیخوازی‌ كوردستان!
كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه‌كانی‌ لایه‌نگری‌ مافی‌ مرۆڤ!
     كۆمیسیۆنی‌ ته‌شكیلاتی‌ حیزبی دێموكراتی‌ كوردستان راده‌گه‌یه‌نێ‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌زگای‌ سه‌ركوت‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران گیانی‌ تێكۆشه‌رێكی‌ ئازادیخوازێكی‌ دیكه‌ی‌ كوردی‌ به‌ناوی‌ كاوه‌ عه‌زیزپوور به‌ تاوانی‌ ئه‌ندامه‌تی‌ له‌ حیزبی دێموكراتی‌ كوردستان دا ئه‌ستاند‌و لاپه‌ڕێكی‌ ره‌شی دیكه‌ی‌ خسته‌ سه‌ر كارنامه‌ی‌ پڕ له‌ جینایه‌تی‌ خۆی‌.

 كاوه‌ی‌ عه‌زیزپوور شه‌وی‌ 13 له‌ سه‌ر 14ی‌ رێبه‌ندانی‌ 1384 له‌ حاڵێك دا ماڵه‌كه‌ی‌ له‌لایه‌ن مه‌ئموورانی‌ ئیداره‌ی‌ ئیتلاعاته‌وه‌ ده‌وره‌ درابوو گیرا‌و راپێچی‌ زیندانی‌ ئه‌و ئیداره‌یه‌ له‌ شاری‌ مه‌هاباد كرا‌و كه‌وته‌ به‌ر ئه‌شكه‌نجه‌‌و جه‌زره‌به‌، پاش ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ به‌ ناو دادگای‌ شۆڕش دا 3 ساڵی‌ زیندان بۆ بڕایه‌وه‌. ساڵێك له‌ زیندانیی‌یه‌كه‌ی‌ تێپه‌ڕیبوو كه‌ به‌ هۆی‌ ئه‌شكه‌نجه‌و له‌ برق دانی‌ سه‌ری‌ تووشی‌ نه‌خۆشی‌یه‌كی‌ كوشنده‌ بوو.  رێژیم بۆ چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشی‌یه‌كه‌ی‌ ته‌نیا 48 سه‌عاتی‌ ئیزن پێدابوو. له‌حاڵێك دا له‌ نه‌خۆشخانه‌ سه‌ریان عه‌مه‌ل كردبوو‌و به‌ بڕیاری‌ دوكتووره‌كان ده‌بوا 2 مانگ له‌ نه‌خۆشخانه‌ بخه‌وێ‌، به‌ڵام ئیداره‌ی‌ ئیتلاعاتی‌ رێژیم دوای‌ ئه‌و 48 سه‌عاته‌ بۆ زیندانیان راگواسته‌وه‌. ئه‌مه‌ بوو به‌ هۆی‌ خراپتربوونی‌ وه‌زعی‌ جیسمانیی‌ كاوه‌‌و بۆیه‌ جارێكی‌ دیكه‌ش نه‌خۆشیی‌یه‌كه‌ی‌ سه‌ری‌ هه‌ڵ‌دایه‌وه‌‌و دیسان عه‌مه‌ل كرایه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش به‌ر له‌ چاكبوونه‌وه‌ی‌ له‌ كونجی‌ زیندانیان په‌ستاوته‌وه‌. به‌هۆی‌ هه‌ڵسووكه‌وتی‌ دژی‌ ئینسانیی‌ ئیداره‌ی‌ ئیتلاعات له‌گه‌ڵ‌ كاوه‌، بارودۆخی‌ ناوبراو رۆژ له‌گه‌ڵ‌ رۆژ به‌ره‌و خراپی‌ رۆیشت. كاوه‌ عه‌زیزپوور نزیك به‌ مانگێك بوو له‌ نه‌خۆشخانه‌ له‌ حاڵه‌تی‌ كۆما دابوو تا سه‌ره‌نجام شه‌وی‌ 26ی‌ بانه‌مه‌ڕ (15 له‌سه‌ر 16 مای‌ 2008) گیانی‌ له‌ ده‌ست دا‌و چووه‌ نێو ریزی‌ قوربانیانی‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌یه‌وه‌.
     به‌ له‌  ده‌ست دانی‌ كاوه‌ی‌ عه‌زیزپوور حیزبی دێموكراتی‌ كوردستان ئه‌ندامێكی‌ چالاك‌و ئه‌ركناسی‌ له‌ شاری‌ مه‌هاباد له‌ ده‌ست دا. خۆڕاگری‌‌و وه‌فاداریی‌ كاوه‌ی‌ عه‌زیز پوور له‌ زیندان‌و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا هه‌تا هه‌تایه‌ له‌ بیر‌و زه‌ینی‌ هاوڕێ‌‌و هاوسه‌نگه‌رانی‌دا ده‌مێنێته‌وه‌. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ سڵاو ده‌نێرین بۆ خۆڕاگریی‌‌و وه‌فاداریی‌ زیندانیانی‌ دیكه‌ی‌ سیاسی.
هاونیشتمانانی‌ به‌ڕێز!
خه‌ڵكی‌ خه‌باتگێڕی‌ كوردستان!
     نزیكه‌ی‌ 30 ساڵ‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جه‌هه‌ننه‌می‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌لماندبێ‌ كه‌ ئه‌و رێژیمه‌ ئاماده‌ نیه‌ گۆڕَانێك له‌ هه‌ڵسووكه‌وتی‌ خۆی‌ دا له‌گه‌ڵ‌ موخالیفان‌و ئازادیخوازانی‌ وڵات دا پێك بێنێ‌. سێ‌ ده‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ سه‌لماندوویه‌تی‌ نه‌ ئه‌و رێژیمه‌ ده‌ست له‌ ئه‌شكه‌نجه‌و جینایه‌ته‌كانی‌ له‌ كوردستان دا هه‌ڵ‌ ده‌گرێ‌‌و نه‌ خه‌ڵكی‌ ئازادیخوازی‌ كوردستان واز له‌ وه‌دیهێنانی‌ مافه‌ ئینسانی‌‌و نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌كانیان دێنن. تا ئه‌م رێژیمه‌ له‌سه‌ر كار بێ‌ به‌ داخه‌وه‌ ده‌بێ‌ شاهیدی‌ ئه‌شكه‌نجه‌و ئیعدام‌و له‌ده‌ست دانی‌ رۆڵه‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان بین.
     به‌ڵام سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌مه‌ش سێ‌ ده‌یه‌ی‌ رابردوو به‌تایبه‌تی‌ ده‌یه‌ی‌ دوایی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ نیشانی‌ داوه‌ هه‌ركات خه‌ڵك له‌ دژی‌ ئه‌م رێژیمه‌ یه‌كگرتوو‌و هاوده‌نگ بوون ده‌نگی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌‌و ئیعترازیان به‌رز كردۆته‌وه‌‌و كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتردا هه‌ستیان به‌ به‌رپرسایه‌تی‌ كردوه‌‌و له‌ به‌رامبه‌ر رووداوی‌ له‌م چه‌شنه‌دا بێ‌ ته‌فاوه‌ت نه‌بوون، رێژیم پاشه‌كشه‌ی‌ كردوه‌‌و هه‌زینه‌ی‌ خه‌بات‌و تێكۆشانیان كه‌متر بۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م جینایه‌تانه‌دا له‌گه‌ڵ‌ بێ‌ ده‌نگی‌‌و بێ‌ ته‌فاوه‌تیی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك به‌ره‌وروو بێ‌، ئاسانتر ده‌توانێ‌ ماشێنی‌ ئه‌شكه‌نجه‌و ئیعدامی‌ خۆی‌ وه‌گه‌ڕ بخا.
      به‌ نیشاندانی‌ ئیعتراز، به‌ ده‌ربڕینی‌ نه‌فره‌ت‌و بێزاری‌ له‌ كرده‌وه‌كانی‌ رێژیم‌و به‌ هاوده‌ردی‌‌و هاوخه‌می‌ له‌گه‌ڵ‌ قوربانیانی‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ جه‌للاده‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌، پێش به‌ په‌ره‌گرتنی‌ زیاتری‌ ره‌وتی‌ ئه‌شكه‌نجه‌‌و ئیعدام بگرن.
كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه‌كانی‌ لایه‌نگری‌ مافی‌ مرۆڤ!
كاوه‌ی‌ عه‌زیزپوور له‌ حاڵێك دا به‌هۆی‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ جه‌للاده‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ گیانی‌ له‌ده‌ست داوه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ چالاكانی‌ مه‌ده‌نی‌، رۆژنامه‌نووس‌و ناڕازیانی‌ دیكه‌ له‌ زیندانه‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ دان‌و له‌ بارودۆخێكی‌ دژواردا به‌سه‌ر ده‌به‌ن. ژماره‌یه‌ك له‌وانه‌ حوكمی‌ ئێعدامیان بۆ ده‌ركراوه‌‌و گیانیان له‌ مه‌ترسی دایه‌. داوا له‌ كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه‌كانی‌ مافی‌ مرۆڤ ده‌كه‌ین به‌ فشار هێنان بۆ سه‌ر كۆماری‌ ئیسلامی‌‌و به‌ ده‌ڕبڕینی‌ ره‌خنه‌‌و ناڕه‌زایه‌تی‌ له‌و بارودۆخه‌ پێش به‌ كاره‌ساتی‌ له‌م چه‌شنه‌ بگرن‌و پێشێل كرانی‌ مافی‌ ئینسانه‌كان ئاوا به‌ ئاشكرا‌و به‌ به‌ربڵاوی‌ له‌ كوردستان دا ته‌حه‌ممول نه‌كه‌ن.
     كۆمیسیۆنی‌ ته‌شكیلاتی‌ حیزبی دێموكراتی‌ كوردستان به‌ بۆنه‌ی‌ له‌ ده‌ست دانی‌ هاوڕێ‌ كاوه‌ عه‌زیزپوور سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌ سه‌ربه‌رزه‌كه‌ی‌‌و خه‌ڵكی‌ خه‌باتگێڕ‌و نیشتمانپه‌روه‌ری‌ مه‌هاباد‌و هه‌موو خه‌ڵكی‌ ئازادیخوازی‌ كوردستان ده‌كا.
ـ نه‌مری‌ بۆ گیانی‌ كاوه‌ی‌ عه‌زیزپوور
ـ مردن‌و نه‌مان بۆ رێژیمی‌ ئینسانكوژی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌

                                                كۆمیسیۆنی‌ ته‌شكیلاتی‌
                                             حیزبی دێموكرات كوردستان