Wlati Roj میوانی‌به‌رێز‌به‌خێر‌بێی‌بۆ وێبلاگی‌ وڵاتی‌رۆژ


   ئێران هاووڵاتیان ئاگادارده‌كاته‌وه‌ سنووره‌كه‌ جێبهێڵن،
 به‌نیازه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر كوێستانه‌كانی‌ مه‌نگوڕایه‌تی‌    
  سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار له‌ناوچه‌ی‌ مه‌نگوڕایه‌تییه‌وه‌ به‌سبه‌ی‌ راگه‌یاند: "ماوه‌ی‌ چوار رۆژه‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران هێزێكی‌ زۆری‌ هێناوه‌ته‌ سه‌ر سنووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و هاووڵاتیانی‌ سنوره‌كه‌ی‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌رچی‌ زووه‌ كوێستانه‌كانی‌ مه‌نگوڕایه‌تی‌ چۆڵبكه‌ن چونكه‌ به‌نیازه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌".

   به‌گوێره‌ی‌ سه‌رچاوه‌كه‌ كه‌ رازی‌ نه‌بوو ناوی‌ ئاشكرابكرێت، هاووڵاتیانی‌ سنووره‌كه‌ كه‌ بۆ ئاژه‌ڵ‌ له‌وه‌ڕاندن له‌وێن سه‌رقاڵی‌ به‌جێهێشتنی‌ كوێستانه‌كانی‌ مه‌نگوڕایه‌تین‌و ژماره‌یه‌كیان به‌ره‌و گونده‌كانی‌ مه‌نگوڕایه‌تی‌ چوون‌و ئه‌وانی‌ تریش به‌ره‌و گونده‌كانی‌ ئێران ده‌ڕۆن.
     وتیشی‌: "گه‌ریلاكانی‌ پژاك‌و په‌كه‌كه‌ش له‌ئاماده‌باشیدان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌".
سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكرایكرد "چه‌ند فڕۆكه‌یه‌ك كه‌پێده‌چێت ئێران بن له‌به‌ره‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆوه‌ به‌ئاسمانی‌ قه‌ندیلدا ده‌سوڕێنه‌وه‌"‌و به‌گوێره‌ی‌ سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ فڕۆكه‌ی‌ له‌و جۆره‌ به‌و ناوه‌دا بسوڕێنه‌وه‌.
     ماوه‌یه‌ك بوو ره‌وشی‌ ناوچه‌كه‌ ئارام ببوه‌وه‌ به‌ڵام چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌كه‌مینێكی‌ پژاكدا له‌نزیك سنووره‌كه‌ 16 پاسداری‌ ئێران كوژران‌و ئه‌مه‌ش ره‌وشی‌ ئه‌و سنووره‌ی‌ ئاڵۆزكرده‌وه‌.
     پێرێ‌‌و دوێنێ‌ ناوه‌ ناوه‌ تۆپخانه‌كانی‌ ئێران تۆببارانی‌ گونده‌كانی‌ مه‌نگوڕایه‌تییان كرد، ئه‌مه‌ش بووه‌هۆی‌ سه‌رله‌نوێ‌ ئاواره‌بوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و گوندنشینانه‌ی‌ بۆ ئاودانی‌ ره‌زوباخه‌كانیان‌و سه‌رپه‌رشتی‌ مه‌ڕوماڵاته‌كانیان گه‌ڕابوونه‌وه‌ گونده‌كانی‌ خۆیان.