Wlati Roj میوانی‌به‌رێز‌به‌خێر‌بێی‌بۆ وێبلاگی‌ وڵاتی‌رۆژ



View Full Size Imageهه‌وڵی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ بۆ هه‌ڵایساندنی‌ شه‌ڕی‌ ئایینی‌ له‌ كوردستان مه‌حكووم ده‌كه‌ین
 به‌ گوێره‌ی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ پێمان گه‌یشتوون دام‌و ده‌زگا ئیتلاعاتی‌‌و سه‌ركوتكه‌ره‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌، خه‌ریكی‌ پیلانگێڕی‌ بۆ به‌گژیه‌كدا كردنی‌ په‌یڕه‌وانی‌ ئایننه‌ جۆرا‌وجۆره‌كان له‌ كوردستانن. حه‌وتوویه‌ك له‌مه‌و به‌ر ماڵپه‌ڕی‌ "كوردستان‌و كورد" په‌رده‌ی‌ له‌ سه‌ر پیلانێكی‌ وه‌زارتی‌ ئیتلاعاتی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ لادا‌و رای‌ گه‌یاند:

به‌رپرسانی‌ كۆمه‌ڵێك ده‌زگا‌و بنیاتی‌ به‌دناوی‌ رێژیم وه‌ك رێكخراوی‌ ته‌بلیغاتی‌ ئیسلامی‌، له‌شكری‌ 28، سوپای‌ پاسداران، به‌سیج‌و نوێنه‌ری‌ خامه‌نه‌یی‌ له‌ پارێزگه‌ی‌ كوردستان به‌ هاوهه‌نگاوی‌ له‌گه‌ڵ وه‌زارتی‌ ئیتلاعات كۆمه‌ڵێك كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی‌ تایبه‌تییان به‌ مه‌به‌ستی‌ وه‌ڕێخستنی‌ شه‌ڕی‌ ئایینی‌ له‌ چوار پارێزگه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان كردوه‌. ئه‌وان له‌ ژێر ناوی‌ به‌ربه‌ركانێ‌ له‌گه‌ڵ وه‌هابیگه‌ری‌‌و به‌تایبه‌تی‌ له‌و شارانه‌دا كه‌ په‌ێره‌وانی‌ ئایینه‌ جۆرا‌وجۆره‌كانیان تێدایه‌، نیازی‌ دووبه‌ره‌كێ‌ نانه‌وه‌‌و هه‌ڵایساندنی‌ شه‌ڕی‌ ئایینییان هه‌یه‌.
به‌ پێی‌ تازه‌ترین هه‌واڵه‌كان كه‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ شنۆ‌و نه‌غه‌ده‌‌و پیرانشاره‌وه‌ ده‌گه‌ن، ده‌ست‌و پێوه‌نده‌كانی‌ رێژیم كتێبێكیان كه‌ له‌ دژایه‌تی‌ له‌گه‌ڵ مه‌زهه‌بی‌ سوننی‌دا نووسراوه‌، به‌ پۆست بۆ مامۆستایانی‌ ئایینی‌ سوننی‌ مه‌زهه‌ب ڕه‌وانه‌ كردووه‌.
نێوه‌رۆكی‌ ئه‌م كتێبه‌ بووه‌ به‌ هۆی‌ تووڕه‌یی‌ مامۆستا ئایینی‌ یه‌كان‌و پێش بینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێ‌ ئه‌م تووڕه‌ییه‌ به‌ شێوه‌ی‌ جۆرا‌وجۆر، بته‌قێته‌وه‌. كۆمه‌ڵێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ دڵسۆزی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان، نیگه‌رانیی‌ خۆیان له‌م پێوه‌ندییه‌دا به‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان راگه‌یاندوه‌‌و داوایان كردوه‌ حیزب هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ ئاگاداریی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بگه‌یه‌نێ‌. بۆیه‌ له‌ گه‌ڵ رێز‌و سوپاسی‌ زۆرمان بۆ هه‌ست به‌ به‌رپرسایه‌تی‌ كردنی‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ راده‌گه‌یه‌نین:
1ـ چونكه‌ هێشتا ئه‌و كتێبه‌مان پێ‌ نه‌گه‌یشتوه‌‌و نه‌مان خوێندۆته‌وه‌، له‌ سه‌ر نێوه‌رۆكه‌كه‌ی‌ جارێ‌ هیچ جۆره‌ قه‌زاوه‌تێك ناكه‌ین. به‌ڵام بێ‌حورمه‌تی‌ به‌ هه‌ر ئایینێك‌و سووكایه‌تی‌ به‌ په‌یڕه‌وانی‌ ئه‌و ئایینه‌، له‌ لایه‌ن هه‌ر كه‌س‌و لایه‌نێكه‌وه‌ به‌ هه‌ر ئامانجێكه‌وه‌بێ‌ به‌ كارێكی‌ ناڕه‌وا‌و نادرووست ده‌زانین‌و مه‌حكوومی‌ ده‌كه‌ین. ناڕه‌زایه‌تی‌ ده‌ربڕین‌و مه‌حكووم كردنی‌ ئه‌و جۆره‌ سووكایه‌تییانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ هێمنانه‌‌و شارستانییانه‌ به‌ مافی‌ بێ‌ئه‌ملا‌و ئه‌و لای‌ په‌یڕه‌وانی‌ ئه‌و ئایینه‌ ده‌زانین.
2ـ مه‌به‌ستی‌ دام‌و ده‌زگا‌و ده‌ست‌و پێوه‌نده‌كانی‌ رێژیم له‌م جۆره‌ كارانه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌و ناوچانه‌دا كه‌ نه‌ته‌وه‌‌و ئایینی‌ جۆرا‌وجۆر له‌ په‌نا یه‌كتر ده‌ژین، نانه‌وه‌ی‌ دووبه‌ره‌كی‌‌و وه‌ڕێخستنی‌ شه‌ڕی‌ ئایینی‌‌و بردنه‌پێشی‌ نیازه‌ چه‌په‌ڵه‌كانی‌ خۆیان له‌و رێگایه‌وه‌یه‌. كۆماری‌ ئیسلامی‌ چاوی‌ دیتنی‌ پێكه‌وه‌ ژیانی‌ به‌ئاشتی‌‌و وێكهه‌ڵكردنی‌ نه‌ته‌وه‌‌و په‌یڕه‌وانی‌ ئایینه‌ جۆرا‌وجۆره‌كانی‌ نیه‌‌و یه‌كیه‌تی‌‌و ته‌بایی‌ خه‌ڵك، به‌ مه‌ترسی‌یه‌ك بۆ سه‌ر خۆی‌ داده‌نێ‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێ‌ دووبه‌ره‌كی‌ بخاته‌ نێویان‌و، هێزو پوتانسیه‌لی‌ خه‌باتگێڕانه‌ی‌ ئه‌وان، له‌ دژایه‌تیكردنی‌ یه‌كتردا به‌لاڕێ‌دا ببا.
3ـ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌ مێژه‌ به‌ده‌ست، هه‌ست‌و ئاگایی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ رۆژبه‌رۆژ په‌ره‌ئه‌ستێنی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و ئه‌و بزووتنه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئازادیخوازانانه‌ی‌ له‌ كوردستان هه‌ن داماوه‌‌و زه‌بوونه‌. به‌ خۆشییه‌وه‌ ویست‌و داخوازیی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌ نێو ئازه‌ری‌ زمانه‌كانیش دا كه‌ دراوسێی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردن، له‌ په‌ره‌ئه‌ستاندن دایه‌. ئه‌و رێژیمه‌، به‌ دنه‌دانی‌ په‌یڕه‌وانی‌ ئایینه‌ جیاوازه‌كانی‌ نێو هه‌ر كام له‌و نه‌ته‌وانه‌، یا تێكدانی‌ پێوه‌ندیی‌ سالمی‌ دوو نه‌ته‌وه‌ به‌ هۆی‌ وه‌ڕێخستنی‌ شه‌ڕی‌ مه‌زهه‌بی‌‌و لێك دڕدۆنگ كردنی‌ شیعه‌‌و سوننی‌، ده‌یه‌وێ‌ خه‌باتی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌ نێو گه‌لانی‌ بنده‌ست دا هه‌تڵه‌ بكا‌و ویستی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ بیر خه‌ڵك بباته‌وه‌.
4ـ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان داوا له‌ كه‌سایه‌تییه‌ ئایینی‌، فه‌رهه‌نگی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ سه‌ر به‌ هه‌ر كام له‌ نه‌ته‌وه‌‌و ئایینه‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كا، وریای‌ پیلان‌و نیازه‌ شوومه‌كانی‌ رێژیمی‌ فێڵبازی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ بن‌و، نه‌هێڵن مه‌به‌ستی‌ رێژیم كه‌ تێكدانی‌ یه‌كیه‌تی‌‌و ته‌بایی‌ نێوان كورد‌و ئازه‌ری‌‌و شیعه‌‌و سونی‌‌و جۆرا‌وجۆرییه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ نێو كۆمه‌ڵه‌، بێته‌دی‌.
به‌و هیوایه‌ كه‌ خه‌بات‌و تووڕه‌یی‌ هه‌ر هه‌موو پێكهاته‌‌و به‌شه‌كانی‌ كۆمه‌ڵ به‌ره‌و رووی‌ رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ببێته‌وه‌ كه‌ ماكه‌ی‌ رۆژه‌ ره‌شی‌‌و ژێرده‌ستی‌‌و بێبه‌شی‌یه‌كانی‌ خه‌ڵك له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان‌و سه‌رانسه‌ری‌ ئێرانه‌.
 حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان
 كۆمیسیۆنی‌ راگه‌یاندن
3ی‌ بانه‌مه‌ڕی‌ 1387
22ی‌ ئاوریلی‌ 2008